ره‌خنه‌یه‌ک له‌ وه‌رگێڕانی فه‌رهه‌نگی وشه‌


ره‌خنه‌یه‌ک له‌ وه‌رگێڕانی فه‌رهه‌نگی وشه‌

بۆ نموونه‌: فه‌رهه‌نگی گۆزه‌ند و زنار-ی حه‌مه‌که‌ریم عارف

له‌م ئه‌درێسه‌دا بیخوێنه‌وه‌:

http://www.emrro.com/rexneyeklewergerani.htm



فه‌رهه‌نگی  وشه‌ی کوردی

پێویستیی گه‌له‌کۆمه‌گی بۆ بنیاتنانی بناغه‌ی فه‌رهه‌نگێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی وشه‌ی کوردی

له‌م ئه‌درێسه‌دا بیخوێنه‌وه‌:

http://www.emrro.com/pewistiyg.htm



الا يا...

_____________________________________________________________ 

حافزي شيرازي

 میسرەعێکی مەنشوور هەیە کە دەڵێن هی یەزید-ە و لە سەردەقی دیوانی حافزی شیرازیدا هاتووە: "الا یا ایهاالساقی ادر کاسا و ناولها". هەڵبەت  رەنگە مەبەست یەزیدی کوڕی موعاویە نەبێت و شاعیرێکی یەزیدناوی‌تر بێت وەک یەزیدی کوڕی موفرەغ کە شاعیرێکی عەرەبی سەردەمی ئومەوییەکان بووە و ماوەیەکیش لە ئێران ژیاوە. گەرچی دەڵێن یەزیدی کوڕی موعاویەش تەبعێکی رەوانی بووە و بە شاعیرێکی مەزنیش دەناسرێت و دیوانیشی هەس. بۆ نموونە شەهریار و موتەهەری  لەسەر ئەم بڕوایەن. ئەمەش بە بەیتەکەی یەزید لە قەڵەم دەدەن: "المسموم ما عندی بتریاقٍ ولا راقٍ * الا یا ایها الساقی ادر کاسا و ناولها".
کارمان بە راست و ناڕاستی ئەم بڕوایە نییە بەڵام ئەوەی دیارە  ئەوەیە کە حافزی مەزن زۆری کەڵک لە رابردووانی وەرگرتووە و تەنانەت جاری وایە میسرەعی شاعیرێکی پێش خۆی بێ‌‌دەستتێوەردان  لە شیعری خۆیدا داناوە. بەهادینی خوڕەمشاهی دەڵێ  "کەم دیوانە شیعری پێش حافز هەیە کە رووی مەجلیسانی بووبێت و حافز  سەرێکی لێ هەڵنەهێنابێ و بەرێکی لێ نەڕنیبێ و شتێکی لێ هەڵ‌نەکڕاندبێت. هەر لە سەرەتای شیعری فارسییەوە، واتە لە روودەکیەوە بگرە تا هاوسەردەمانی خۆی وەک خاجووی کرمانی و سەلمانی ساوجی و عوبەیدی زاکانی و تاد."
زۆر شاعیری کوردیش لە رابردووانیان کەڵک وەرگرتووە و بە شێوەی جۆراوجۆر  مانا و واتا و جاری وایە دەقی بەیت و میسرەعی شاعیرێکیان گوازتۆتەوە دیوەخانی خۆیان.  ئەمە نیازی بە لێ‌وردبوونەوە و  کات و ساتێکی  باش هەیە و بۆ ئێرە و بۆ‌ئێستا ناشێت. بەڵام شتێک کە سرنجی راکێشام کەڵک وەرگرتنی زۆربەی شاعیرانی کوردە لە شیعری حافز.  دەڵێی حافز سەرچاوەیەکی حوجرەکان بووە! نێو و شیعری حافز پەڕیوەتە ناو زۆربەی دیوانە کوردییەکان. ئیتر چ وەک وەرگێڕان و چ وەک گوازتنەوەی واتا و چ وەک تێهەڵکێش و چەند خشتەکی و مشتەکی... و شتی‌تر.
لێرەدا نموونەی میوانداری ئەو غەزەلە مەنشوورە دێنم کە  لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد. بەم پێیە لە زۆر دیوانی‌تریشدا هاتووە و من نەمبینیوە. بۆ ئەوەی کاتی خوێنەر نەگیرێت تەنیا یەکدوو بەیتی سەرەتای شیعرەکان دەنووسم:

سالم:
بە دڵ کەین با بە نەشئەی مەی غوباری میحنەتی دونیا
الا یا ایها الساقی ادر کاسا و ناولها
موحەببەت زۆر بە ئاشووبە بە سەهلی تێمەگەن یاران
کە عشق اسان نمود اول ولی افتاد مشکلها
*
حاجی قادر:
دەخیلت بم وەرە ساقی ادر کاسا و ناولها
غەم و غوسسەی دڵم کەم بوو ولی افتاد مشکلها
ئومێدی زولفی میشکینم  ێبا زان ترە بگشاید
کەچی نەمزانی بەم دەردە  چە خون افتادە در دلها
*
مەلای جزیری:
نەوایا موتریب و چەنگێ فغان ئاویتە خەرچەنگێ
وەرە ساقی حەتا کەنگێ نەشۆیین دڵ ژ ڤێ ژەنگێ
حەیاتا دڵ مەیی باقی بنۆشین دا بە موشتاقی
الا یا ایها الساقی ادر کاسا و ناولها
کو کاتب دیمێ جەدوەل کەت شکەستە خەت موسەلسەل کەت
ژ یەک حەرفان موفەسسەل کەت کییە وێ موشکلێ حەل کەت
دزانی روود و عوود ئەووەڵ  چتاڤیتن سروود ئەووەڵ؟
کە عشق اسان نمود اول ولی افتاد مشکلها
*
ئەحمەدی کۆر:
شەو و رۆژ بێ‌قەرارم ئەز لە عیشقی روویی نەوگوڵها
دەکەم تەی چۆل و بەید و بەڕ بە ناڵین شیبهی بولبولها
لە قەیدی زولفی تۆ ئەیمەن نییە مەجنوون و عاقڵها
الا یا ایها الساقی ادر کاسا و ناولها
کە عشق اسان نمود اول ولی افتاد مشکلها
*
هەژار:لە نیسکێنە و لە ساوار پڕ کرا زگها هەتا ملها
برنج هەرزان ببوو ئەووەڵ ولی افتاد مشکلها
کە دیزەی کەشکەکی هێنا و سەری لاگرت کەبانووی ماڵ
ز تاب قوڵتی هەڵمینش چە خون افتادە در دلها
*
مەحوی:الا یا ایها الساقی ادر کاسا و ناولها
بنور دل تو باز افروز شمع کشتە دلها
بیا بگشا بە یک لب وانمودن عقدە های دل
بیا ای زیر لب خندیدن تو حل مشکلها
*
حەقیقی-ش لەم غەزەلەی کەڵک وەرگرتووە بەڵام دیوانەکەیم لەبەر دەستا نییە.