چۆن سه‌ر له وێبلاگی یه‌كتر ده‌ده‌ین؟
چۆن سه‌ر له وێبلاگی یه‌كتر ده‌ده‌ین؟

خوێنه‌ر ده‌بێ له میوانێكی خێراوه ببێته خوێنه‌رێكی كارا
وێبلاگ، ئه‌و ماڵه ئه‌له‌كترۆنیكییه‌ی زۆربه‌ی خاوه‌ن هزران هانایان بردۆته به‌ر و به‌رهه‌می مێشك و به‌ری قه‌ڵه‌میان له تاقچكه و ناو جامخانه‌یدا رۆناوه و چاوه‌ڕوانی بیری داودۆزی خوێنه‌رانن، بێگومان له‌و بازاڕكه‌سادی و بێده‌سه‌ڵاتییه‌ی (ماددی) خاوه‌ن هه‌ستان و بیرمه‌نداندا رووناكییه‌كه و بۆته پردێك بۆ نووسه‌ران و شاعیران تاكوو بێ‌منه‌ت شیله‌ی مێشك و ده‌روونیانی پێدا بگوازنه‌وه بۆ مێشك و ده‌روونی خوێنه‌ران.
ئاشكرایه كه‌م خاوه‌ن وێبلاگ هه‌یه هیچ له خۆدا شك نه‌بات و ئازار و چه‌رمه‌سه‌ری نووسین وه‌به‌ر خۆی نێت. هه‌رچه‌ند ئاشكراشه هه‌موو نووسینه‌كان و هه‌موو وێبلاگه‌كان هه‌ستی سه‌رجه‌م خوێنه‌ران پاراو ناكه‌ن، به‌ڵام هه‌مووشیان كه‌م تا زۆر ئه‌ركی خۆیان خستۆته سه‌ر شانی نووسه‌ر. (ده‌بوو بگوترێ داهێنه‌ر، به‌ڵام هه‌موو نووسینه‌كان داهێنان نین.). ئه‌دی ئه‌ركی خوێنه‌ر له‌م به‌ستێنه‌دا ده‌بێ چی بێت؟؟به‌ر له كورته وه‌ڵام دانه‌وه‌یه‌ك به‌م پرسیاره وا باشه ئاماژه به‌وه بكرێت كه ئێستا زۆرینه‌ی خوێنه‌ران به روانینێكی سه‌رپێیی و سه‌ردێڕلاواندنه‌وه‌یه‌ك قنیات ده‌كه‌ن و له رۆچوون به بابه‌ته‌كاندا خۆ لاده‌ده‌ن. به‌شی هه‌ره زۆر و بگره نه‌وه‌د له سه‌دی ئه‌و كامێنتانه‌ی له وێبلاگه‌كاندا داده‌نرێن پیاهه‌ڵگوتن و ده‌ست‌خۆشانه‌ی بێ‌خوێندنه‌وه‌ن. سبووت‌كردنی ئه‌م وته‌یه هه‌ر هێندی ده‌وێ سه‌رێك له وێبی ده‌ر و جیران درێ. ئه‌وه رواڵه‌ته‌ن له باش ده‌چێ و پاڵنه‌ری خاوه‌ن وێبه بۆ به‌رده‌وامبوون، به‌ڵام له سووچێكی‌تره‌وه ده‌بێته هۆی قانع‌بوونی نوسه‌ر و شاعیر به به‌رهه‌مه‌كه‌ی و له ئاكامدا رازی‌بوونه له خۆ ــ كه وه‌ك بڤه‌ترین رێگری گه‌شه‌سه‌ندنی خاوه‌ن هزران ده‌ناسرێ ــ.
بۆ ئه‌نجامی ئه‌م كورته باسه ده‌بێ بگوتری‌َ ئه‌ركی خوێنه‌ر ته‌نیا خۆده‌رخستن و بانگه‌شه‌ی «منیش‌هه‌م» نییه، ئه‌وه‌ی راست بێت ئه‌و چه‌شنه خوێنه‌رانه باڵی بیری نووسه‌ر و داهێنه‌ر ده‌كه‌ن و ساردی ده‌كه‌نه‌وه. خوێنه‌ر ده‌بێ له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌دا به‌رده‌وام له پرسیاردابێت و له وه‌ڵام بگه‌ڕێت. ئه‌گه‌ر ده‌قه‌كه وه‌ڵامی پرسه‌كانی ئه‌وی پێبێت كه‌ڵكی لێ وه‌رگرێ و ئه‌گه‌ریش نا، بۆی ببێته هه‌وێنی كورتیله ره‌خنه یا تێبینییه‌ك و كه‌ڵكی پێ به نووسه‌ر بگه‌یه‌نێت. له‌م رووه‌وه خوێنه‌ر یاریده‌ده‌ری نووسه‌ره و ده‌بێ هه‌ر واش بێت. واته خوێنه‌ر ده‌بێ له میوانێكی خێراوه ببێته خوێنه‌رێكی كارا. ئه‌وه ته‌نیا رێگایه بۆ سوودبه‌خشین به خۆ و به خاوه‌ن وێب.
پێشکه‌وتن به‌ره‌و دواوه ته‌نیا رێگه‌ی رزگاریمانه. وه‌رن راوه‌ستین و ئاوڕ ده‌ینه‌وه له‌و ملیار مرۆڤه‌ی به‌جێماون.